لە کۆبوونەوەى لیژنەى کارگێری گشتیی پارێزگاى سلێمانیدا کە رۆژى 17/9/2007 لە دیوانى پارێزگاى سلێمانى ساز کرا، بەرێز پارێزگار و جێگرى پارێزگار و سەرجەم بەرێوەبەرى گشتى فەرمانگەکانى شارى سلێمانى ئامادە بوون.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا بەرێز پارێزگار ئاماژەى بە سەرهەڵدانى دیاردەیەکى ناشرین لە شارى سلێمانیدا کرد کە ئەویش سوکایەتى کردن و جنێودانە بەو ئافرەتانەى لە مانگى رەمەزاندا و وتى: هەندێک کەس فێربوون قسە بەو ئافرەتانە دەڵێن کە لەناو بازارەکاندا لەچکیان بەسەرەوە نییە و بریندار دەکرێن و بە ئاشکرا جنێو و سوکاریەتیان پێ دەکرێت. هەربۆیە داوای لە قایمقامى قەزاى مەڵبەندى سلێمانى و بەرێوەبەرى گشتى پۆلیسی سلێمانى کرد بەئاگابن لەو دیاردەیە و سنوورێکى بۆ دابنێن، چونکە خەریکە ئەو دیاردەیە بە ئاراستەیەکى خراپدا دەروات. هەروەها ئاماژەى بە گرانیی ناوبازار و بەرزبوونەوەى نەرخى کەلوپەل و پێدوایستیە سەرەکییەکان کرد و وتى: لەگەڵ هاتنى مانگى رەمەزان و دەستپێکردنى ساڵى نوێى خوێندن و بڵاوبوونەوەى پەتاى سکوچوون و رشاەوەو و کۆلێرا، نرخى شتومەک لە شارى سلێمانى زۆر بەرزبۆتەوە. لەو بارەیەوە بەرێز زانان محەمەد ێالح وتى: بازرگانەکان پێیان راگەیاندووە لە گومرگى ئیبراهیم خەلیل گومرگى زیاتر دەکرێن و ئێستا یەک تەن برنج 150 دۆلارى چۆتەسەر. هەروەها باس لە بڵاوبوونەوەى رێژەیەکى زۆر لە سوڵکەر کرا و بەرێز پارێزگار داوایکرد دەستگیر بکرێن و سواڵکەرە عەرەبەکانیش دواى ئاگادار کردنەوەیان بنێردرێنەوە بۆ دەرەوەى سنوورى شارى سلێمانى و رێگەیان پێ نەدرێت جارێکى تر بگەرێنەوە. جگەلەمەش لە رۆژنامەکاندا دەنگۆى ئەوە بڵاوبۆتەوە کە ئاردى بایعى خراپە و گەنمى سلێمانى کوێرووى تێدابووە کە ئەمەش زیانى بۆ تەندروستى و تووش بوون بە نەخۆشیی ترسناک هەیە، لەوبارەیەوە بەرێز بەرێوەبەرى گشتییى کشتوکاڵى سلێمانى تەئکیدى کردەوە کە گەنمى ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەک کوێروى تێدا نەبووە و بەرێز پارێزگاریش داوایکرد بەرپرسانى سایلۆى سلێمانى و لایەنە پەوەیوەندیدارەکان راپۆرتێک ئامادە بکەن و لە کەناڵەکانى راگەیاندنەوە وەڵامى ئەو پروپاگەندانە بدەنەوە.
دواى تاوتوێ کردنى ئەو دیاردانە، بەرێز پارێزگار باسى لە بابەتێکى گرنگ کرد و وتى: وەزارەتى پلاندانانى عێراق سەرەراى بودجەى پەرەپێدانى هەرێمەکان، بریاریداوە بودجەیەکى تر بۆ چەند پارێزگایەکى عێراق تەرخان بکات کە یەکێک لەوانە پارێزگاى سلێمانیە و بودجەکەش بۆ پرۆژەکانى جوانکردن و باشتر کردنى خزمەتگوزاریە لە شار و قەزاو ناحیەکاندا و کاک عومەر مەحوى سەرۆکى شارەوانی سلێمانى راسپێردراوە ئەو بودجەیە بۆ بوارە پێویستەکانى ناو شارى سلێمانى و پرۆژەى فەرمانگەکان خەرج بکات، داواشى لە سەرجەم بەرێوەبەرە گشتییەکانیش کرد بەتایبەتى شارەوانى و ئاو و کارەبا و پەروەردە و گەشتوگوزار، هەرچى زووە پرۆژە خۆیان پێشکەش بکەن کە درێژخایەن نەبێـت و بتوانرێت لە ماوەیەکى کورتدا جێبەجێ بکرێت.
لەلایەکى ترەوە بەرێز پارێزگار بە ئەندامانى لیژنەى کارگێریی راگەیاند کە مەکتەبى سیاسیی و سەرکردایەتى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە کۆبوونەوەى خۆیدا باسى لە بایەخدان بە شارى سلێمانى کردووە و بریاردراوە بە هەموو شێوەیەک ئاگایان لە پارێزگاى سلێمانى بێ و بەدەم پێداویستى و کەموکوریەکانیەوە بێن. لەسەر ئەو بنەمایە بەرێز پارێزگار بە پێَویستى زانى:
1- گرنگیی زیاتر بدرێت بە ناو ئیدارەى پارێزگاى سلێمانى و رێکخستن و باشتر راپەراندنى ئیش و کارەکان.
2- حکومەتى بەغدا بریاریداوە بودجەى عەقار و پارێزگاکان زۆر زیاتر بکات و بودجەى زیاتریش بۆ پارێزگاى سلێمانى دابین بکات، بۆیە پێویستە هەر فەرمانگەیەک پرۆژەى خۆى ئامادە بکات و سوود لەو بودجەیە وەربگرێت بۆ جێبەجێ کردنى پرۆژەکانى.
3- خۆئامادە کردن بۆ ساڵى 2008 و گرنگیدان بەو پرۆژانەى کە لەسەرەتادا پێویستە بە ئەنجام بگەیەنرێن، لەگەڵ ئامادەکردنى نەخشە و پرۆپۆزەڵ بۆ پرۆژە نوێیەکان کە پرۆژەى کورتخایەن و درێژخایەنى تێدا بێت.
دواتر بەرێز جوتیار نورى جێگرى پارێزگارى سلێمانى ئەنجامى ئەو سەردانەى بۆ ئامادە بووان باس کرد کە لەگەڵ بەرێوەبەرى شارەوانى سلێمانى بۆ چەند ناوچەیەکیان ئەنجامداوە، لەوبارەیەوە جێگرى پارێزگارى وتى: چەند عەمودێک لەسەر بلوارى ناوەندى جادەى 30 مەترى لە گەرەکى تووى مەلیک دانراوە کە نازانرێت هی چ فەرمانگە یان کۆمپانیایەکە.
دواتر نوێنەرى هەریەک لە بەرێوەبەرایەتیە گشتییەکان، کێشەو کەموکوری و ئاستى جێبەجێ کردنى کارەکیانیان خستەروو:
شارەوانى:
لەسەرەتادا بەرێز عومەر مەحوى بەرێوەبەرى شارەوانی سلێمانى نوێترین کارو بەدواداچوونەکانى لیژنەى راوێژکاریی ئەندازیارى بۆ بەرێز پارێزگارو ئامادەبووان باس کرد. یەکێک لەوانە پرۆژەى بلوارى ناوەندى سەر جادەى شەستیە کە جوانیەکى زۆرى داوە بە جادەکە، بەڵام بەپێویستى زانى ئەملاوئەولاى جادەکەش چاک بکرێتەوەو جوانکاریی بۆ بکرێت، لەوبارەیەوە بەرێز پارێزگار تەئکیدى کردەوە کە چاککردنى دەوروبەرى بلوارەکە دەبێتە پرۆژەیەکى تر و پێشتر بەباشمان زانى کە محاجەرەى بۆ بکرێت، بەڵام نەکرا. هەروەها باس لەو دوو بینا گەورەیەى نزیک فرۆکەخانە کرا کە حکومەتى عێراق دروستى کردوەو تائێستا تەواو نەبووە، بەپێویستى زانى ئەو دوو بینایە تەسلیم بکرێنەوە تاوەکو بخرێنە سەر فەرمانگەیەک و بتوانرێت بەکاربهێنرێت، بەرێز پارێزگار جەختى کردەوە کە زۆر مەبەستمانە ئەو دوو بینایە وەربگیرێنەوەو بۆ گەنجان بەکاربهێنرێن. پاشان پارێزگار وتى: داوامان لە ئەنجومەنى وەزیران کردووە رەزامەندى دەرببرێت لەسەر داخستنى کارگەى چیمەنتۆى سەرچنار و بەرێوەبەرى شارەوانی سلێمانى پشتیوانى لەو داوایە کردو رایگەیاند کە لەسەردانێکى لیژنەیەکى وەزارەتى شارەوانى بۆ سلێمانى پێمان وتوون کە ئەو کارگەیە سەرچاوەى پیس بوونى ژینگە و ئاوى سلێمانیەو داوا لە بەرێوەبەرى ئاو کرا چیتر ئاو بەو کارگەیە نەدات.
پەروەردە:
بەرێز شێخ حسێن شێخ مستەفا بەرێوەبەرى گشتیی پەروەردەى سلێمانى ئاماژەى بەوەدا کە کێشەى بینا داگیرکراوەکانى پەروەردە لەلایەن هاوڵاتیان و دامودەزگا حکومى و حزبیەکانەوە وەکو خۆى ماوەتەوەو تائێستا هیچ بینایەک چۆڵنەکراوە هەرچەندە هەندێک لایەن ئامادەن چۆڵیان بکەن. داوایکرد بیناى سەرنتەرى ئازادیی لاوان کە دەکەوێتە ناو ئامادەیی سلێمانیەوە تەسلیم بکرێتەوەو نەخۆشخانەى شۆرش کە ئێستا چۆڵکراوە بیناکەى بدرێتەوە بە پەروەردە. سەرەراى ئەوەى بینایەکى ترى پەروەردە لە بازیان کە هی باخچەى منداڵانە، هێشتا 9 ماڵى تێدایە و چۆڵ نەکراوە.
قایمقامیەتى قەزاى مەڵبەندى سلێمانى
بەرێز زانا محەمەد ێالح قایمقامیەتى قەزاى مەڵبەندى سلێمانى ئاماژەى بەوەکرد کە پێشتر ناوبازار بەباشى لەلایەن شارەوانیەوە کۆنترۆڵ کراوە و رێگەى بۆ زیادەرۆیی لە بازارەکاندا داناوە، بەڵام ئێستا بەهۆى مانگى رەمەزانەوە بوار دراوە ئاسانکاری بۆ فرۆشتنى شتومەک بکرێ و تا رادەیەک زیادەرۆیی دەستى پێکردۆتەوە، ئەمەش لەبەر مانگى رەمەزان و ئاسانکاریە بۆ هاوڵاتیان، راشیگەیاند: تائێستا رێگەدراوە 1000-1050 دوکان لە گەرەکەکاندا بکرێنەوە بۆ ئەوەى قەرەباڵغى ناو بازار کەم بکرێتەوە. باسى لەوەشکرد کە خاوەن سەوزەکانى لاى عەواڵ رێگەیان پێ نادرێت ئاوى بەرهەمەکانیان بدەن و ئێستا داواى قەرەبوو دەکەنەوە. جگەلەوەش بە لیژنەى کارگێریی راگەیاند کە نرخى کەلوپەل و پێداویستى لە بازارەکاندا بەرز بۆتەوە. لەوبارەیەوە بەرێز پارێزگار وتى: دواى ئەوەى وەزیرى تەندروستى هەرێمى کوردستان دڵنیاى کردوینەتەوە کە نەخۆشیی سکچون و کۆلێرا کەمبۆتەوە، ئێستا دەتوانرێت وەک سەرەتایەک بۆ بوژاندنەوەى بازار، رێگە بدرێت بە فرۆشتنى ساردى و هەندێک شتى تر.
بەرێوەبەرایەتی وەبەرهێنان:
پرۆژەى دروستکردنى (Free Zone) لە شارى سلێمانى لەلایەن بەرێز مام جەلال سەرکۆمارى عێراقەوە پشتیوانى لێ دەکرێ کە پرۆژەیەکى زۆر گرنگە و لەسەر رووبەرى 2 هەزار مەتر دووجا لە نزیک فرۆکەخانەى سلێمانى دروستدەکرێت. بەجێبەجێ کردنى ئەو پرۆژەیە دەبێت زەویی هاوڵاتیان لە رەزو باخ و موڵکیان قەرەبوو بکرێتەوە، بریاریشە وەزارەتى دارایی خاوەنى ئەو زەویانە قەرەبوو بکاتەوە کە دەگاتە 3-5 ملیۆن دۆلار.
لەو بارەیەوە بەرێز دانا ئەحمەد مەجید پارێزگارى سلێمانى داوایکرد لیژنەیەک لە پسپۆران پێکبهێنرێت کە قەرەبووى ئەو زەویانە هەڵبەسەنگێنێت و رەوانەى ئەنجومەنى وەزیران بکرێت، بەڵام ئەمریکیەکان 10 ملیۆن دۆلاریان داناوە بۆ دروستکردنى کۆگا لەسەر 400 دۆنم لەو زەویە، وتیشی پرۆژەى دروستکردنى (ناوچەی ئازاد) گرنگە و بەرێز مام جەلال و وەزیری دارایی عێراق جەخت لەسەر دروستکردنى دەکەنەوە، بۆیە پێویستە هەڵسەنگاندێک بکرێت بۆ برى قەربووکردنەوەى خاوەن زەویەکان و پاشان بدرێت بە وەزارەتى دارایی عێراق تا برى قەرەبووەکە سەرف بکەن.
کارەبا
بەرێوەبەرى کارەباى سلێمانى کێشەى بیناى بەرێوەبەرایەتیەکەى خستەروو وتى: ئێمە لە دوو بیناداین، یەکێکیان پەیمانگەى ئیسلامیە و ئەوى تریشیان شوێنى رێکخراوى (unops) ە و داوایکرد لەسەریان تەملیک بکرێت، بەرێز پارێزگار بەباشى زانى بەرێوەبەرایەتى کارەبا ئەو داوایە بکات بە نوسراو و پارێزگاى سلێمانیش بەرزى دەکاتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
ئاو
بەرێوەبەرى ئاو ئاماژەى بەوەدا کە ئێستا دەسەڵاتیان هەیە پارە بۆ پرۆژەکانیان سەرف بکەن و بودجە بۆ پاککردنەوەى ئاو و پێداویستیەکانى دیکەى بەرێوەبەرایەتیەکەى تەرخان بکات، وتیشی: لە 31/8/2007ەوە ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان ئەو دەسەڵاتەى داوە بە بەرێوەبەرایەتى ئاو، لەلایەکى ترەوە بەرێزى لیژنەى کارگێری ئاگادار کردەوە کە نەخۆشیی کۆلێرا لە ئاوى شارى سلێمانیدا نەدۆزراوەتەوە، بەڵام راگەیاندنەکان فشارێکى زۆریان بۆسەر بەرێوەبەرایەتى ئاو هاتووە، وتیشی: کێشەى کەمیی بڕى ئاو یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانى بەرێوەبەرایەتیەکەى. لە ئاماژەیەکیشدا بۆ مەسەلەى ئاو بەرێز پارێگار وتى: داوایەک هەبووە بۆ تەرخانکردنى بەشێک لە کارگەى جگەرەى سلێمانى بۆ ئەوەى بکرێت بە کارگەى دروستکردنى دەبەى پلاستیکى ئاو، بەڵام بەکۆى دەنگ لیژنەى کارگێرى ئەو داوایەى رەتکردەوە.
نەخشەدانانى ئاوەدانى:
لەسەر داواى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، داواکراوە زەوی بۆ کۆمپانیا ئیسپانیەکە بۆ پرۆژەى تابلۆ دابین بکرێت، بۆیە دەیانەوێت چەند پارچە زەوییەک بسرنەوە. لەو بارەیەوە بەرێز پارێزگارى سلێمانى پێی وابوو گرەنتى قەرەبوو کردنەوەى زەوی هاوڵاتیان بدرێت و پێویستە لە سەرەتاوە مەسەلەى قەرەبوو کردنەوە بەهەند وەربگیرێت. یەکێک لە داواکارییەکانى دیکە ئەوەیە ئەنجومەنى وەزیران داواى دابین کردنى 4 دۆنم زەویی کردوە بۆ (شبکە الاعلام العراقیە) و وەزارەتى ناوخۆش داواى 5 دۆنم زەویی لە تاسڵوجە کردوە. لەو بارەیەوە بەرێز پارێزگار و بەرێزان ئەندامانى لیژنەى کارگێرى پێیان وابوو کە دابین کردنى زەوى لە تاسڵوجە، زەویە کشتوکاڵیەکان لەناو دەبات و واباشترە لە ناوچى هوانە و نزیک عەربەت بێت، ئاماژەیان بەوەشدا کە بێجگە لەو زەویە وەزارەتى ناوخۆ بەنیازە 5-6 زیاندان لە کەلار دروست بکات.
هاتوچۆ:
بەرێز بەرێوەبەرى گشتى هاتوچۆى سلێمانى بە لیژنەى کارگێریی راگەیاند: حکومەتى بەغدا داواى کردووە لە هەر پارێزگایەکدا 9 دۆنم زەوى تەرخان بکرێت بۆ کاروبارى دروستکردنى (تابلۆ) لەوحات ، هەموو پارێزگاکان دابینیان کردووە تەنها پارێزگاى سلێمانى نەبێت، بۆیە داوایکرد پارچە زەویەکە یان تەخێیێ بکرێت یان بکرێت بەناوى حکومەتەوە. باسى لەوەشکرد کە بەگوێرەى راپرسیەک کە رێکخراوى CDO لە سلێمانى و خورماڵ و هەڵەبجە لەسەر ژنان و گەنجان و ئاستى خزمەتگوزاریی تەندروستى و هاتوچۆ ئەنجامى داوە، دەرکەوتووە کە خەڵکى بەرێژەى 81.12% لە کەرتى هاتوچۆ رازین و ئەمەش دڵخۆشەکەرە بۆ بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ، رێژەیەکى کەمی هاوڵاتیانیش بێزارن لەوەى کەرتى هاتوچۆ جیاوازیی کردووە لە نێوان بەرپرسان و هاوڵاتیاندا، بەڵام بەگشتى هاوڵاتییان لە کەرتى هاتوچۆ رازین، هاوکات پارێزگاریش دەستخۆشیی لە کەرتى هاتوچۆ کردو هانیدان لەسەر پێشکەش کردنى زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان بەردەوام بن.
کشتوکاڵ:
بەرێوەبەرى گشتیی کشتوکاڵى سلێمانى پێشنیارى کرد شوێنێک بۆ ئەو دوکانانە دابین بکرێت کە پەیینى کیمیاوى دەفرۆشن و بەپێى رووپێویەک دەرکەوتووە کە ئەو کەسانەى پەیینى کیمیاوى دەفرۆشن زیاتر لە 50 کەس دەبن، بۆیە پێویستە ئەو کەسانە لە شوێِنى دیاریکراوى خۆیان تەجاوز نەکەن و لەبەر پاراستنى هاوڵاتیان لە ژەهراوی بوونیان، فرۆشتنى پەیینى کیمیاوى لەناو بارزاردا قەدەغە بکرێت، ئاماژەى بەوەشکرد دواى شیکار کردنى هەندێک پەیین کە لە ئێرانەوە دێتە شارى سلێمانى دەرکەوتووە کە گەچ و خوێی تێدایە و بەرێوەبەرایەتى گشتیی کشتوکاڵیش نووسراوى بۆ گومرکى سلێمانى کردووە کە ئاگایان لەو حاڵەتە بێت.
گەشتوگوزار
بەرێز بەرێوەبەرى گشتى گەشتوگوزار باسى لە کێشەى بیناى بەرێوەبەرایەتیەکەى کرد و رایگەیاند: زیاتر لە 300 فەرمانبەرى سەر بە بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە بینایەکى بچوکدا دەوام دەکەن و تەئکیدى کردەوە کە چەند جارێک لە چوارچێوەیە پرۆژەکانى وەبەرهێناندا داوایان کردوە بینایەکیان بۆ دروست بکرێت بەڵام تائێستا هیچیان بۆ نەکراوە.
پۆلیس:
بەهەمان شێوە بەرێز بەرێوەبەرى گشتى پۆلیسی سلێمانى رایگەیاند: کێشەى کەمیی بینا، یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانى بەرێوەبەرایەتیەکەى و وتى: پۆلیس کە رەمزى هاڵاتیانە ناکرێت لە بیانى کرێدا بێت و لە هەر گەرەکێک خانوو دەگرین پاش ماوەیەک خەڵکى گەرەکەکە بێزار دەبن و داوامان لێ دەکەن چۆڵى بکەین. وتشی: 8-9 بەشى پۆلیس ئێستا لە خانووى کرێدان و بەرێوەبەرایەتى شارەوانى زەوی بۆ تەرخان کردووین، بەڵام ئیدارە محەلى تواناى دروستکردنى بیناى نییە، داواشی کرد لە تاسڵوجە خانوویەک دابین بکرێت بۆ مەرکەزى پۆلیس و دواتر ئەو داوایە خرایە بوارى جێبەجێ کردنەوە.
لە کۆتایی کۆبونەوەى لیژنەى کارگێریدا، بەرێز پارێزگارى سلێمانى چەند داواکارییەکى هاوڵاتیانى خستەروو و لەلایەن ئەندامانى لیژنەوە تاووتوێ کران:
1- داواکاریی هاوڵاتییەک بۆ دروستکردنى بەنزینخانە لە هەڵەبجەى تازە و لیژنەى کارگێری رەزامەندیی دەربرى بەمەرجێک بەنزینخانەکە بەپێى ئەو نەخشە و مواسەفاتە بێت کە بەرێوەبەرایەتى وەبەرهێنان بۆى دادەنێت.
2- داواکاریەک بۆ کردنەوەى کۆمەڵگەى خزمەتگوازارى لەسەر جادەى 60ى مەلیک مەحمود، لیژنەى کارگێرى ئەو داوایەى رەتکردەوە و رایگەیاند: کە زەوى لەو شوێنەدا نییە.
3- دروستکردنى گەنجینە لە کەرتى 15ى شێخ موسا لە خورماڵ بۆ کۆکردنەوەو دانانى بەوبوومە کشتوکاڵیەکان.
4- لیژنەى کارگێرى رەزامەندیی دەربرى لەسەر دروستکردنى پرۆژەیەک بۆ دروستکردنى حەوزى بەخێو کردنى ماسی.
5- داواکاریەک بۆ دروستکردنى کارگەى چیمەنتۆ لە پیرەمەگروون لەسەر رووبەرى 200 دۆنم: لیژنەى کارگێرى لاریی نییە لە دروستکردنى بەمەرجێک لە شوێنى نیشتەجێ بوونى هاوڵاتیانەوە نزیک نەبێ و بەرێوەبەرایەتیی وەبەرهێنان شوێنەکەى بۆ دیارى بکات.
6- کارگەى قیرى تاسڵوجە لە داواکاریەکدا دەیەوێت کارگەکەی بگوازێتەوە بۆلاى تانجەرۆ و باریکە و خاوەن کارگەکە لەوێ زەویی کریوە، لیژنەى کارگێرى رەزامەندیی دەربرى بەمەرجێ کار لە ژینگەى ناوچەکە نەکات و لە شوێنى نیشتەجێ بوونى هاوڵاتیانەوە نزیک نەبێت، پاشان ئەو کارگەیە دەبێت مواسەفاتى هەبێ و لەلایەن لیژنەیەکى هاوبەشەوە هەڵبسەنگێنرێت.
7- پرۆژەیەکى گەشتیارى کە بریتیە لە دروستکردنى مۆتێل و گازینۆ و چێشتخانە و بلیارد و شانۆ و هۆڵى ئاهەنگ گێران کە لەسەر روبەرى 32 دۆنم دروست دەکرێت و نزیکەى 80 شوقەى تێدایە، لیژنەى کارگێرى بریاریدا بەدواداچوون و تاوتوێ کردنى ئەو پرۆژەیە بدرێت بە لیژنەى راوێژکاری.