English
| Arabic

بەیاننامەیەک لەلیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانیەوە بۆ

2/4/2010 3:09:25 AM
 

لەکاتێکدا کە رۆژ بەرۆژ لەوادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق نزیک دەبینەوە، دەبێت هاوڵاتیان و سەرجەم لایەنە بەرپرسەکان هەستیاریی ئەم رۆژانەی داهاتووی بانگەشە  لەبەرچاوبگرن و زۆر بەوریاییەوە ساتەکانی بخوێنینەوە و مامەڵەی مەنتقیانە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن، هەڵبژاردن  کایەیەکی دیموکراتیەو رۆڵی گرنگ دەبینێت لە گۆڕان و دەستاودەست کردنی دەستەڵات بەشێوەیەکی ئاشتیانەو دوور لەبەکاهارێنانی زەبروزەنگ و پەنابردن بۆ بەکارهێنانی هێز، هەروەک هەڵبژاردن فێرمان دەکات چۆن بۆ لێکگەیشتن و نزیک بوونەوەو یەکخستنی بۆچوونە جیاوازەکان پەنابەرینە بەر دانوستان و وتوێژکردن و رێز لە راو بۆچوونە جیاوازەکان بگرین، بۆئەوەی هەموومان بەشداریی لە بەرەوپێشبردنی وڵات و نیشتمانەکەماندا بکەین.
ئەرکی سەرشانی هەموومانە بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بچین و بەشداریی لە رۆژێکی مێژووی وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا بکەین، دەنگی ئێمە لەبەغدا چارەنووسی خۆمان و گەلەکەمان دیاریی دەکات و سەنگینیەکی زیاتر دەبەخشێتە داواکاریەکانی گەلی کورد لەپەرلەمان و حکومەتی عیراق، ئیرادەی جەماوەر و گەلەکەمان لەرۆژێکی وەک ئەو رۆژەدا زامنی دەستەبەر کردنی مافە رەواکانمانە لەعیراقێکی فیدراڵی دیموکراتی فرە رەگەزدا.
بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشوازییەکی راست و دروست لەوادەی بانگەشە دەبێت هاوڵاتیان ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکەن:
1. هاوڵاتیان و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق پەیوەست بن بەرێنماییەکانی بانگەشەو هەڵبژاردن کەلەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان لەهەرێمی کوردستان دەردەچێت.
2. دەبێت هەموو لایەک ملکەچی بڕیار و رێنماییەکانی دەزگاکانی ئاسایشی ناوخۆو پۆلیس هەموو ئەو لایەنە پەیوەندیدارە بن کەکار لەسەر پاراستنی بارودۆخی ئاسایش و سەقامگییر کردنی ئۆقرەیی دەکەن لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان هەرێمی کوردستان.
3. هەڵواسینی پۆستەر و لافیتەو وێنەو هۆکارەکانی بانگەشە کردن لەشوێنە گشتیەکانی وەک شەقام و قوتابخانە و فەرمانگە حکومیەکان و مزگەوت و ....هتد بەهەموو جۆرێک قەدەغەیەو رێپێنەدراوە.
4. لەکاتی هەست کردن بەبوونی هەرسەرپێچیەک، لیژنەی ئەمنی بەدواداچوونی پێویست دەست پێدەکات و رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر سەرپێچیکاراندا دەگرێتەبەر.
5. هاوکاریی کردنی لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی ئەرکی سەرشانی هاوڵاتیانە،ئەویش بەپاراستنی ئارامی و هێمنی بارودۆخەکە لەکاتی دەستکردن بەبانگەشەی هەڵبژاردن.
6. پێویستە هاوڵاتیان لەبوونی ناوو راستی و دروستی زانیارییەکانی ناو تۆماری دەنگدەران بەئاگابن، چونکە بەهۆی بوونی هەر هەڵەیەک لەناوی بەشداربوو لەدەنگدان یا هەر زانیاریەکی تری ناو تۆماری دەنگدەران دەنگدەر لەمافی دەنگدان بێبەش دەبێت.
7.  لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی داوا لەسەرجەم هاوڵاتیانی بەڕێز و خۆشەویست و سەرجەم لیستە بەشدار بووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەکات وەک ئەرک و بەرپرسیاریەتیەکی مەدەنیانە، خۆیان لە ناوزڕاندن و سوکایەتی پێکردنی یەکتر بەدوور بگرن تا ئەم پرۆسەیەی هەڵبژاردنیش وەک هەڵبژاردنەکانی پێشوو بەسەرکەوتووانە لەپارێزگای سلێمانیدا بەڕێوە بچێت.

                                    لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی

 

 

 

 

بگه‌رێوه‌ «

Sulaymaniyah Governorate © 2006-2008 All Right Reserved