ئەمرۆ پێنچ شەممە 7/1/2010 دانا ئەحمەد مەجید پارێزگاری سلێمانی بەرەسمی دەستی لە پۆستی پارێزگار و ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگا و یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکایەتی لیستی 109ی یەکێتی لەناو ئەنجومەن کێشایەوە.لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بە ئامادەبوونی کاوە عەبدوڵا سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، دانا ئەحمەد مەجید سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی سەرجەم دانیشتووانی شاری سلێمانی بەرپرسی یەکە ئیداریەکان لە فەرمانبەر و بەرێوەبەری فەرمانگەکان و بەرێوەبەری ناحیە و قایمقامی قەزاکان و ئەندامان و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد بۆ هاوکاری و پشتیوانیان لە ماوەی پێنچ ساڵی خزمەتکردن و سەرخستنی کار و پرۆژەکانی پارێزگای سلێمانی.سوپاسی تایبەتی خۆشی ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی و عومەر فەتاح و عیما ئەحمەد گەورە بەرپرسانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە هاوکاری و پشتیوانیی بەردەوامیان لە کارەکانی کردووە. ئەوەشی بەبیرهێنایەوە کە سەرجەم پرۆژەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بەئەنجام گەیەنراون جگەلە پرۆژەیەک کە ئەویش لەبەرهۆکاری زانستی راگیراوە، شانازیی بەوەشکرد کە ئەنجومەنی پارێزگا لە ماوەی رابردوودا توانیویەتی بەپێی سەرژمێریی دانیشتووان بە شەفافی بودجەکەی بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکات، لەگەڵ بەشداری پێکردنی هاوڵاتیان لە بریاردان و چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزی و کارکردن لەپێناو بەدیهێنانی سەروەریی یاسا، سەرەرای هێنانەکایەی کەشوهەوایەکی پڕلە تەبایی و برایەتی لەنێوان نوێنەری لیست و قەوارە جیاوازەکانی ناو ئەنجومەن، ئەمەش وایکردووە ئەنجومەن دەسەڵاتی بریاردانی هەبێ و ببێتە بەهێزترین ئەنجومەن لەسەر ئاستی عێراق.لەبەشێکی تری وتەکەیدا، دانا ئەحمەد مەجید هۆکاری داواکاریی خانەنشینکردن و دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی پارێزگار و ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگا لەوەدا خستەروو کە ئەم بریارەی لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی سلێمانی هەلومەرجە سیاسیەکەی ئێستای پارێزگای سلێمانییەو نایەوێت بەهۆی دەستگرتن بە کورسیی دەسەڵاتەوە، بەرژەوەندیی خەڵک دووچاری مەترسی ببێتەوە، داوای لێبووردنیشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا کرد کە بەبێ وەرگرتنی رای ئەوان بریاری خانەنشینکردنی خۆی خستۆتەبەردەم سەرۆکایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران، سوپاسی مەسعود بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و نێچیرڤان بازرانی سەرۆکی حکومەتی پێشوو کرد کە داواکەیان پەسەند کردووە، هەرچەندە لەگەڵ ئەوەشدا نەبوون کە پارێزگار دەستلەکار بکێشێتەوە، ئەوەشی نەشاردەوە کە دوور لە یاسا و رێنماییەکان دەستێوەردان لەکاروباری پارێزگای سلێمانی لەسەر ئاستی حزبی و حکومی هەیە، هاوکات دانا ئەحمەد مەجید دوای زیاتر لە 30 ساڵ خەباتی نەبڕاوە لەناو ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بریاری دەستلەکێشانەوەی خۆی لە سەرجەم پۆست و ئیمتیازە حزبیەکانی خۆی لەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستان راگەیاند.هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا دانا ئەحمەد مەجید بە وری باسی لە بودجەی پارێزگا لەماوەی پێنچ ساڵی رابردوو و چۆنێتی جێبەجێکردنی پرۆژەکان کرد و وتی: ساڵی یەکەم و دووەم بودجەی ئەنجومەنی پارێزگا راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی بەغداوە بەدەست ئەنجومەن گەیشتووە، بەڵام لەساڵانی دواییدا بودجەکە لەرێی حکومەتی هەرێمەوە گەیشتۆتە پارێزگا و 25% لێ بریوە، ئەمساڵیش تەنها 49 ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخانکراوە کە لەئاستی کەموکورتیەکان و جێبەجێ کردنی داواکاریەکانی خەڵکدا نییە، بەڵام دووبارە سوپاسی خۆی ئاراستەی حکومەتی پێشووی هەرێمی کوردستان کرد بۆ دابینکردنی بودجەی وەبەرهێنان و وشکەساڵی کە هاوکاریی زیاتری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکانی ئەو کاتەی پارێزگای سلێمانی.لە وتەکەیدا، دانا ئەحمەد مەجید باسی لەوەشکرد کە بەهۆی نەگونجاوی و کەموکوری لە سیستمی بەرێوەبردندا هەندێک کێشە لە یەکە ئیداریەکانی پارێزگای سلێمانیدا هەبووەو لەگەڵ هەستکردن بە هەر هەڵە و کەمتەرخەمییەک دەستبەجێ رێوشوێنی یاسایی پێویست گیراوەتەبەر و کەسانی تێوەگلاو رووبەروی یاسا و دادگا کراونەتەوە.دانا ئەحمەد مەجید رایگەیاند لەمەودوا عەمەر ئەحمەد ئەمین جێگری پارێزگاری سلێمانی ئەرکی راییکردنی کاری هاوڵاتیان دەگرێتە ئەستۆ تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی وەزیران کەسێک بەشێوەیەکی کاتی بۆ پۆستی پارێزگار دەستنیشان دەکات، بەمەرجێک ئەنجومەنی پارێزگا رەزامەندیی لەسەر بێ و دواتر لەرێی هەڵبژاردنەوە کەسێک بە رەسمی بۆ پۆستی پارێزگار دیاری دەکرێت، وتیشی بەپێی یاسا ئەنجومەنی پارێزگا لەسەر کارەکانی بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێ و داواشی لێکردن کە بەهەمان گڕوتین و ورەی پێشوو درێژە بە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بدەن.دوای وتەکانی دانا ئەحمەد مەجید هەریەک لە وشیار سدیق سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و کوردستان سێوکانی سەرۆکی لیستی یەکگرتووی ئیسلامی و ئەنوەر فەرەج سەرۆکی لیستی کۆمەڵی ئیسلامی وتەی خۆیان پێشکەش کرد پێناخۆشبوونی خۆیان لەبەرامبەر بریاری دەستلەکارکێشانەوەی دانا ئەحمەد مەجید راگەیاند، ئەوەشیان بۆ کەناڵەکانی ئامادەبووی کۆنگرەکە خستەروو کە ئەندامانی ئەنجومەن رازی نەدەبوون لەسەر بریارێکی لەو جۆرە، ئەگەر بریارەکە بە ویستی پارێزگار خۆی نەبووایە، وتیشیان دانا ئەحمەد مەجید وێرای ئەوەی هاورێ و برای ئەندامانی ئەنجومەن بووەو بەبێ جیاوازی هاوسەنگیی نێوان لیست و قەوارەکانی ناو ئەنجومەنی راگرتووەو هەر ئەویش بووە کە وا لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بکات، ببێتە بەهێزترین ئەنجومەنی نێو پارێزگاکانی عێراق. بەڵام بەزۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەن رەزامەندی خۆیان دەربری لەسەر بریاری دەستلەکارکێشانەوەی دانا ئەحمەد مەجید لە پۆستی پارێزگار و ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاو هیواشیان خواست کەسێکی شیاو ئەو بۆشایی ئیداریە پڕ بکاتەوە کە دانا ئەحمەد مەجید لەدوای خۆی جێی دەهێڵێت.دواتر کۆنگرەکە بە وەڵامی دانا ئەحمەد مەجید بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن کۆتایی هات و ماڵئاوایی لە ئامادەبووان کرد.