کۆی گشتی ئەو بودجەیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەماوەی سێ ساڵی رابردوو لەپرۆژەکانی بواری پەروەردەو فێرکردن لەناوشاری سلێمانی خەرجی کردوون زیاتر لە 24 ملیار دینارە.سۆز عەبدولقادر ئەندامی لیژنەی پەروەردە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: ئەنجومەنی پارێزگا بۆ پرۆژەکانی بواری پەروەردەو فێرکردن لەناوشاری سلێمانی بڕی 7 ملیار و 197 ملیۆن و 576 هەزار دیناری لەساڵی 2007 دا خەرج کردووە، بڕی 14 ملیارو 909 ملیۆن و964 هەزار دیناری لەساڵی 2008 دا خەرج کردووە، هەروەک بڕی ملیارێک و 903 ملیۆن و 300 هەزار دیناریشی لەساڵی 2009 دا خەرج کردووە.سۆز عەبدولقادر ئەوەشی روون کردەوە کە پرۆژەکان زیاتر بریتین لەدروستکردنی بینای خوێندنگە بۆ ئەو گەڕەکانەی خوێندنگەیان نیەو دروستکردنی یاریگاو باخچەو هۆڵی چالاکیە زانستیەکان بۆ چەند خوێندنگەیەک لەپاڵ نۆژەنکردنەوەی بینای خوێندنگاکان، وتیشی: 60%پرۆژەکان بەئەنجام گەیەنراون و ئەوەشی کەماوە کارکردن تێیاندا بەردەوامە جگە لەچەند پرۆژەیەک نەبێت کەهێشتا ئیحالە نەکراون.