ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێیان وایە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بروای بە سیستمی لامەرکەزیەت نییە، ئەوەش یەکێک لە هۆکارەکانی دەستلەکاکێشانەوەی کاوە عەبدوڵا-ی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی.لە لێدوانێکی تایبەت بە سایتی پارێزگا، ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا و نوێنەری لیستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگا، دەستخۆشیی لە کاوە عەبدوڵا-ی سەرۆکی ئەنجومەن کرد بەوەی یەکێکە لە ئەندامە هەرە ماندووەکانی ناو ئەنجومەن و رایگەیاند کاوە عەبدوڵا زۆر ماندووە لەکارەکانیدا و ئەندامانی ئەنجومەنیش هاوکاریی ناکەن بەتایبەت ئەو ئەندامانەی کە سەربە لیستی 109ی یەکێتی نیشتمانی کوردستانن، هەر ئەو ماندووبوونەش یەکێکە لە هۆکارەکانی دەستلەکاکێشانەوە لە پۆستەکەی، وتیشی، هۆکارێکی دیکەی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەن ئەوەیە کە سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بروای بە سیستمی لامەرکەزیەت نییە و هەتا بتوانێت ماوەی کارەکانی ئەنجومەن درێژتر دەکاتەوە ئەمەش نیشانەی لاوازکردنی سیستمی لامەرکەزیەتە، بۆیە سەرۆکی ئەنجومەنیش بێزاربووە لەو بارودۆخی درێژکردنەوەیەو بریاری دەستلەکارکێشانەوەی داوە.ئەحمەد حاجی رەشید بەهۆی هەستیاریی بارودۆخەکەوە، کاتی ئێستای بەگونجاو نەزانی بۆ دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی ئەنجومەن و دووپاتی کردەوە کە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تاکە ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە کە سیستمی لامەرکەزیەتی بە خەڵکە ناساند و بەوپەری شەفافیەت و عەدالەتەوە خزمەتی هاوڵاتیانی سنووری پارێزگای سلێمانی کرووە.سەبارەت بە کۆتایی هاتنی وادەی درێژکراوەی کاری ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن پارلەمانی کوردستانەوە، ئەحمەد حاجی رەشید تەئکیدی کردەوە کە بەپێی برگەی 31 لە مادەی 3ی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجومەنی پارێزگا بەشێوەیەکی یاسایی لەسەرکارەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا سازکردنی هەڵبژاردنی نوێ.