بەمەبەستی باسکردن لە پرۆژەکانی چوار ساڵی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و شێوازی بەرێوەبردنی کارەکان لە رووی ئیداری و ئەو دەسەڵاتەی کە لە روانگەی سیستمی لامەرکەزیەتەوە دراوە بە بەرپرسانی یەکە ئیداریەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، ئەمرۆ یەک شەممە 13/12/2009 دانا ئەحمەد مەجید پارێزگاری سلێمانی بە بەشداریی کاوە عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی لەگەڵ سەرجەم قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی کەناڵەکانی راگەیاندن سازکرد.لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند کە بەهۆی ململانێ سیاسیەکانەوە میدیا و هۆکارەکانی راگەیاندن زۆر شتیان لەسەر پارێزگای سلێمانی و کەسی پارێزگا بڵاوکردۆتەوە، بەڵام رەوشتی شەخسیی خۆم و لەبەر رێگرتن لە تەشەنەکردنی ئەو ململانێ سیاسیانە، وەڵامی هیچ تۆمەت و تاوانێکم نەداتەوە کە ئاراستەم کراوە، بەڵکو بە باشم زانییوە رێگای یاسا و دادگا بگرمەبەر و یاسا سەروەر بێت لەو مەسەلەیەدا.پارێزگاری سلێمانی راشیگەیاند کە لەژێر هیچ گوشارێکی سیاسی و لەسەر داوای هیچ کەس و لایەنێک داواکاریی خانەنشینکردنی پێشکەش نەکردووە، دەشتوانن بەرپرسان خۆیان ئەو راستیە بسەلمێنن کە هیچ جۆرە گوشارێک لەئارادا نییە، بەڵکو وازهێنان لەپۆستەکەم لەبەر بەرژەوەندیی بارودۆخە سیاسیەکەو بەتایبەت پارێزگای سلێمانییە، چونکە مانەوەم لە پۆستەکەم لەسەر رۆشنایی ئەم ململانێ سیاسیانەی ئێستا، زیان بە پارێزگای سلێمانی دەگەیەنێت، وتیشی کە تائێستا لەکاری خۆم بەردەوامم هەرکات وەڵامی داواکەم درایەوە، ئەوا ماڵئاوایی دەکەم، هاوکات بەرگریی لەوەشکرد کە لە ماوەی کارکردنیدا زۆر بەبێ لایەنی و بەشێوەیەکی شەفاف کاری کردووەو جیاوازیی لەنێوان نوێنەری هیچ لیست و فراکسیۆنێکی سیاسی ناو ئەنجومەن نەکردووەو بە یەکسانیش مامەڵەی لەگەڵ ئەو بەرپرسی یەکە ئیداریانەشدا کردووە کە لە لیست و قەوارەی جیاوازن.لەبەشێکی دیکەی وتەکەیدا، پارێزگاری سلێمانی ئەوەی ناشاردەوە کە لەهەموو ئیدارەیەکدا کەموکوڕی هەیە، ئەوەش بەهۆی کۆنیی یاسا و رێنماییەکانەوە بووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەماوەی پێنج ساڵی رابردوودا پارێزگای سلێمانی بووە بە دامەزراوەیەکی ئەوتۆ توانیویەتی تا ئاستێکی زۆرباش کاروبارەکان بەرێوەبەرێ و لە هەموو قەزاو ناحیە و گوندێکی پارێزگاکەدا جێ دەستی دیاربێت، تەئکیدیشی لەسەر بوونی شەفافیەت و دەست واڵایی و سەربەستی کردەوە بۆ قامیقام و بەرێوەبەری ناحیەکان بەشێوەیەک کە هەریەک و دەسەڵات و ئازادیی خۆی هەبووە لەکار کردن و هەرگیز پارێزگا دەستی لەکارەکانیان وەرنەداوەو لەسەر رۆشنایی لامەرکەزیت، ئەوانیش دەسەڵاتی تەواویان دراوەتێ بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانی خەڵکی بەتایبەت لە کێشەی وشکەساڵیدا کە ئەو بەرپرسانە خۆیان سەرپشک بوون لە چارەسەکردنی ئەو کێشەیە و ئێمەش بودجەی پێویستمان بۆ دابین کردوون. ئاماژەی بەوەشدا کە پارێزگار هاورێی بەرپرسی یەکە ئیداریەکان بووەو وەک براو هاورێ پێکەوە کارو مامەڵەی یەکتریان کردووە. پارێزگاری سلێمانی ئەوەشی روونکردەوە کە بەپێی راپۆرتی چاودێریی دارایی هیچ قایمقامیەت و بەرێوەبەرایەتی ناحیەیەک لەکێشەی وشکەساڵیدا خاڵی خراپی لەسەر نییە و دەرکەوتووە کە بەوپەڕی پاکی و شەفافیەتەوە بودجەکەیان خەرجکردووە.بەوپێیە پارێزگاری سلێمانی داوای لە سەرجەم قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی کرد کە راشکاوانە لەبەرچاوی کەناڵەکانی راگەیاندن رەخنە و کەموکوڕیەکانی پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا بخەنەروو، داواشی لێکردن لەکاتی دەستبەکاربوونی هەر پارێزگارێکی نوێدا بێ لایەنیی خۆیان بپارێزن و وەک خزمەتکاری خەڵک و بەهەمان نەفەسی پێشوو کارەکانیان راپەرێنن، وتیشی: لەیەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگاوە لە ساڵی 2005 ئێمە بەبێ لایەنی کارمان کردووەو داوا لەبەرپرسی یەکە ئیداریەکانیش نەکراوە لایەنگری بکەن.هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەکان سوپاس و ستایشی جۆری مامەڵە و کارکردنی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگایان کرد کە بە هاورێیانە و بێ لایەنی مامەڵەیان لەگەڵدا کردوون، راشیانگەیاند کە لەدوای دامەزراندنی ئەنجومەنی پارێزگا و بەهۆی شۆربوونەوەی دەسەڵاتی پارێزگا بۆ یەکە ئیداریەکان و جێبەجێ کردنی سیستمی لامەرکەزیەتەوە توانیویانە باشترین کار و خزمەت بە هاوڵاتیان بگەیەنن و هەستیان بە بوونی خۆیان وەک بەرپرس کردووەو هەمیشە لەسەر داواکاریی خۆیان پرۆژەکانیان بۆ جێبەجێ کراوە، داواشیان کرد کە پارێزگاری سلێمانی هەتا دەتوانێت هەوڵ بدات لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە.دواتر پارێَزگاری سلێمانی جارێکی دیکە ئامادەیی خۆیی پیشاندا بچێتەوە بەردەم دادگا و یاسا سەروەر بێت لەهەر لێپرسینەوەیەکدا سەبارەت بە چۆنێتی خەرجکردنی بودجەی پارێزگا، سەبارەت بە بودجەی ساڵی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاش ئاشکرایکرد کە بودجەی ئەمساڵ تەنها 49 ملیار دینارە و ئەوەش لەچاو ئەو بەرنامەیەی کە بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکان دانراوە، زۆر کەمە. لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا سەرجەم قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەکان و پارێزگاری سلێمانی و ئامادەبووان بەپێویستیان زانی یاداشتێک بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و پارلەمان و ئەنجومەنی وەزیران بکەن تا زیاتر سیستمی لامەرکەزیەت پتەوتر بکرێت نەک لاواز بکرێتلە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان و کەناڵەکانی راگەیاندنیشدا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند کە بەپێی برگەی 33 لە یاسای سەردەمی پۆڵ بریمەر-ی حاکمی مەدەنیی دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق ئەنجومەنی پارێزگا دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی کارەکانی هەر بەردەوام دەبێت تا هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام دەدرێت، وتیشی کە هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ هەر لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە دەبێت و نابێت یاسا پێشێل بکرێت.