بۆ وەڵام دانەوەو ڕەتکردنەوەى هەندێک پروپاگەندەو هەواڵى ناڕاست کە ماوەیەکە لەلایەن چەند کەناڵێکى راگەیاندنەوە لەدژى پارێزگاو ئەنجومەنى پارێزگاى ساێمانى بڵاو دەکرێنەوە رۆژى سێشەممە 25/8/2009 ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە هۆڵى کۆبونەوەکانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیى بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە کەناڵەکانى ڕاگەیاندن بەست.
کاوە عەبدوڵا سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لە کۆنگرەکەدا رایگەیاند : بە بەڵگەوە هەندێک هەواڵى ناڕاست ڕەت دەکەینەوە کە ماوەیەکە لەلایەن هەندێک کەناڵى راگەیاندنەوە لەسەر گەندەڵى و کەمو کورى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى بڵاودەکرێنەوە .
کاوە عەبدوڵا راشیگەیاند کە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى داوا لە حکومەتى هەرێم دەکات لیژنەیەک دابنێت بۆ لێپرسینەوەو بەدواداچون لەسەر کەم وکوڕى پرۆژەکان لەسەرجەم وەزارەتەکان و لە ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیەوە دەست پێبکات ، بە بەراورد کردن لە نێوان بودجەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانی و ئەو پرۆژەو کارو چالاکیانەى کە توانیویەتى پێ ى پێى جێبەجێ بکات و داواشى لە سەرجەم کەناڵەکانى راگەیاندن کرد کە هەواڵى راست و دروست بڵاو بکەنەوەو راستیەکان چەواشەنەکەن .
دانا عەبدولکەریم سەرپەرشتیارى پرۆژەکانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى رایگەیاند :لە چاو بودجەى ئەنجومەنى پرێزگاى سلێمانى کارەکانى ئەم چەند ساڵەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى جێى شانازیەو و هەمیشە پرۆژەى بەرچاو جێبەجێکراوە بۆ نمونە لە ساڵى 2008 بودجەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى 200 ملیار دینار بووە کە دەکاتە 2 % ى بودجەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و 457 پرۆژەى پێجێبەجێکراوە و لە ماوەى سێ ساڵى خزمەتى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانیش دا بە نزیکەى 1 ترلیۆن دینارى عێراقى 1335 پرۆژە تەواو بوەو چۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە وە هەر لەقەزاى چەمچەماڵیش بەبرى 57 ملیار دینار 109 پرۆژە جێبەجێکراوە و ئامادەشین بەبەڵگەوە سەرجەم زانیاریەکان بسەلمێنین بۆ هاوڵاتیان و سەرجەم کەناڵەکانى ڕاگەیاندن .
راشیگەیاند تەحەداى هەر لایەن وەزارەتێک ئەکەین کە لە سنورى پارێزگاى سلێمانى دا لەو ماوەیەدا نیوەى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانی پرۆژەى جێبەجێکردبێت وتەنانەت لەکاتى بانگەشەکانى هەڵبژاردن پرۆژەکانى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى لەلایەن چەند لایەنێکى حکومیەوە بەکار هێنراون بۆ بانگەشەى لیستە تایبەتیەکانى خۆیان . ئەو تۆمەتانەشى رەتکردەوە کە گوایە دانا ئەحمەد مەجید پارێزگاى سلێمانى هەندێک پرۆژەى وەک جوانکارى شەقامى مەولەوى و دروستکردنى بیناى پارێزگاى سلێمانى و فراوان کردنى شەقامى سلێمانى _ تاسڵوجە لەرێ ى هەندێک پەیوەندى برادەرى و ناسیاوى دابێتە کۆمپانیاکان بۆ جێبەجێکردنیان بەڵکو ئەو کۆمپانیایانە مەرجى پێویستیان تێدا بوەو بە شێوەیەکى یاسایى مافى جێبەجێکردنى ئەو پرۆژانەیان وەرگرتوە .
ووتیشى : هەندێک لە کەناڵەکانى راگەیاندن جێگاى مەبەستمان نین کە وەڵامیان بدەینەوە بەڵام ئەگەر رۆژنامەیەکى فەرمى و باوەِرپێکراوى وەکو ڕۆژنامەى (کوردستانى نوێ) بەردەوام بێت لە بڵاوکردنەوەى تۆمەت و هەواڵى ناڕاست ئەوا ناچار ئەبین بە شێوەیەکى یاسایى وەڵامیان بدەینەوە .