English
| Arabic

کاوە عەبدوڵا: پرۆژە یاسای پارێزگاکانی عیراق لەهەرێمی کوردستان دیموکراتی ترە

6/1/2009 4:27:59 AM
 

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێی وایە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست بایەخی نەداوە بەپرۆژە یاسای پارێزگاکان و ئەوەی لەم دواییەشدا لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا شپرزەیی و پەلەپروسکێی پێوە دیارە.
کاوە عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەوبارەیەوە بەسایتی پارێزگای راگەیاند: ئەو یاداشتەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردبوو بۆ دەوڵەمەندکردنی زیاتری پرۆژە یاسای پارێزگاکان، هێشتا لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە وەڵام نەدراوەتەوە،   گومان هەیە سەرۆکی هەرێم یاداشتەکەی بەدەست گەیشتبێت، چونکە دەبوایە تائێستا وەڵامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بدایەتەوەو پرۆژە یاساکەشی پەسەند بکردایە، پەرلەمانیش مەسەلەی پەسەندکردنی پرۆژە یاساکەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە رابگەیەندایە، بەڵام ئەم مەسەلەیە بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە ئاماژەیە بۆئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕوای تەواوی بەسیستمی ئەنجومەنی پارێزگاکان نیە، بۆیە لەماوەی چوارساڵدا وەک پێویست نەیخستۆتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە، ئەم پرۆژە یاسایەی بەم دواییەش خرایە ڕوو شپرزەیی و پەلەپروزکێی پێوەدیارە لەکاتێکدا یاسای پارێزگاکان زۆر گرنگەو پەیوەستە بەژیانی رۆژانەی خەڵک و ئەو کاروچالاکیانەی حکومەت پێشکەش بەهاوڵاتیانی دەکات.
کاوە عەبدوڵا وتیشی: دوای هەموار کردنی پرۆژە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی تێبینی خۆی سەبارەت بە پرۆژە یاساکە لە 20 خاڵدا ئاراستەی پارلەمان کرد، پارلەمانی کوردستانیش بەدەستخۆشیەوە پێداچوونەوەی بە بڕگەکانی پرۆژە یاساکەدا کردەوە، بەڵام هەندێک بڕگەی پرۆژە یاساکە هەر بەکرچوکاڵی مابوونەوە بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جارێکی تر لیژنەیەکی تایبەتی بۆ دیراسەکردنەوەی برگەکانی پرۆژەکە پێکهێنا کەبریتی بوون لە لیژنەی یاسایی و سەرۆک و چەند ئەندامێکی تری ئەنجومەن و جارێکی تر یاداشتێکی 10 خاڵیان ئامادەکرد و ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد، بەڵام تائێستا بەرەسمی لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە وەڵامی یاداشتەکە نەدراوەتەوە.
پرۆژە یاسای پەسەندکراوی ئەنجومەنی پارێزگاکانی تری عیراق زۆر لە پرۆژەیاساکەی  هەرێمی کوردستان دیموکراتی ترەو دەستەڵاتی تەواوەتیشی داوەتە ئەنجومەنی پارێزگاکان، بۆیە دەبێت  لە هەرێمی کوردستانیش دەستەڵاتی ئەنجومەن دیاری بکرێت، بەتایبەت بۆ خولی دووەمی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم تا ئەو ئەنجومەنە بتوانێت ئەرکەکانی بەباشتر جێبەجێ بکات،
ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگاکان دەستەڵاتیان نەبێت و هاریکاریی راستەقینەی جەماوەر نەبن و نەتوانن بڕیار لەسەر مەسەلەکان بەن و پەیوەندیان لەگەڵ فەرمانگەو وەزارەتەکاندا پتەونەبێت ئەوا ئەو ئەنجومەنە بوونی نەبێت باشترە. 

 

 

 

 

بگه‌رێوه‌ «

Sulaymaniyah Governorate © 2006-2008 All Right Reserved