چاوەڕوان دەکرێت رۆژانی 24،25،26 ی ئەم مانگە کارەبای سلێمانی کەمبکات بەهۆی گۆڕینی هێڵی کارەبای چەمچەماڵ بۆ هێڵی تازەی 132 kv.لەلێدوانێکی تایبەت بۆ سایتی پارێزگای سلێمانی یاسین حەسەن بەڕێوەبەری کۆنترۆڵ وگەیاندنی کارەبای سلێمانی ئاشکرایکرد بەهۆی کێشەیەک لەوێستگەی هەولێری گازی، پێناچێت پرۆژەی گۆڕینی هێڵی کارەبای چەمچەماڵ – سلێمانی لەو سێ رۆژەدا ئەنجام بدرێت، بەوپێیەی لەکاتی گۆڕینی هێڵەکان، کارەبای نیشتمانی لەعیراقەوە دەکوژێنرێتەوەو پشت بەوێستگە گازیەکەی هەولێر دەبەسترێت. یاسین حەسەن ئەوەشی ئاشکرا کرد کە بەهۆی سەرهەڵدانی کێشە لەوێستگەی هەولێری گازی کارەبای ناوچەکانی رانیەو کۆیەو قەڵادزێ و چەند گەڕەگێک لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر کوژاونەتەوەو بڕیارە تا نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 23/2/2009 کێشەکە چارەسەر بکرێت، بەچارەسەرکردنیشی پرۆژەی گۆڕینی هیڵی کارەبای چەمچەماڵ سلیمانی دەستپێ دەکات.