کاتژمێر شەشی ئێواەری رۆژی دووشەممە 18/6/2007 ئەندامانی لیژنەی کارگێڕیی پارێزگای سلێمانی لەدیوانی پارێزگا کۆبوونەوە و دەربارەی رەوشی پیشەسازیی لەپارێزگای سلێمانی بەتێروتەسەلی وتوێژیان کرد.
دەستپێکی کۆبوونەوەکە سەرۆکی شارەوانی دەربارەی ئەرکء کارەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دواو رایگەیاند کەشارەوانی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ دابینکردنی زەوی بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کارگە و پرۆژەی پیشەوەریی دەهێننە شاری سلێمانی،لیژنەی کارگێڕیی گشتیش چەند تێبینییەکی سەبارەت بە کارگەء پرۆژە پیشەسازییە کان خستەڕوو:
1. هەر کارگەء پرۆژەیەکی پیشەسازیی نوێ کەلەشاری سلێمانی دابنرێت، بەگوێرەی سیستمی مۆدێرن ء ستانداردی جیهانی کاربکات ء ئامێرەکان مۆدێلیان کۆنء بەسەرچوو نەبێت.
2. لیژنەیەکی هاوبەش لەنوێنەری پارێزگاء شارەوانی سەرپەرشتی پێدانی مۆڵەت بکەن بەوهاوڵاتیانەی دەیانەوێت کارگەیەک یا پرۆژەیەکی پیشەسازی دروست بکەن.
3. ئەنجامدانى هەڵمەتێکى پاککردنەوەو لابردنى کارگەى بچووک و کۆن لە ناوچەى پیشەسازی ء دانانى کەرەستەء ئامێرو کارگەی نوێ لەجێگەیان.
4. جیاکردنەوەی شوێنء جۆری کارگەکانء پۆڵێنکردنیان بەپێی تایبەتمەندێتىء نزیکی جۆری کارەکانیان.
5. پێش خستنی ناوچەی پیشەسازیی لەرووی ئاوەدانکردنەوەء بنیاتنانەوەء دەستەبەرکردنی سەرجەم پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان و چارەسەرکردنی زیادەڕەویی و پیس بوونەی ژینگەی ناوچەکە.
6. پشتگوێ خستنی مەرجە تەندروستییەکان لەبواری پیشەسازییدا، بەتایبەتی ئەو کارگانەی خوادرمەنی و کەلء پەلی بەکارهێنانی هاوڵاتیان بەرهەم دەهێنن ، هەروەک هەندێک کارگەی دروستکردنی شەربەت و بیبسى رەچاوی مەرجە تەندروستییەکان ناکەن و گوێ بەپاک و خاوێنی بواری تەندروستی شوێنی کارەکانیان نادەن.
7. دەرخستەیەکی هاوبەش بکرێت بۆ رێکخستن و چاککرنی ئەو پرۆژەیەی ئاو دەداتە کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە، هەروەک بۆ هەردوو کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجە و سەرچنار ( 8000) م3 ئاو دابین کراوە.
8. پێشتر شارەوانی لەناوچەی پیشەسازیی زەوی بەسەر خاوەن کارگەکانی ناوشاری سلێمانیدا دابەش کردووە تاشوێنی کارەکانیان بگوێزنەوە، بەڵام هیچ کام لەو خاوەن کارگانە نەچوونەتە ئەو شوێنانەی بۆیان دەستنیشان کراوە.
9. کاربکرێت بۆ ئەوەی هەردوو کارگەی قیری دەروازەی شاری سلێمانی رێگای( تاسلوجە – سلێمانی) بگوازرێتەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە.
10. لێکدانەوە بکرێت بۆ گەشەپێدانی پیشەسازی وەک کەرتی تایبەت و ئاستی سەرکەوتنی وەزارەتی پیشەسازی لەبەرەوپێشبردنی بواری پیشەسازیی لەشاری سلێمانی.
11. سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی چەند کارگەیەکی وەک کارگەی چیمەنتۆی تاسلوجەی داوەتە کەرتی تایبەت، بەڵام دابینکردنی ووزەی کارەبای ئەو کارگانە هێشتا لەئەستۆی بەڕێوەبەرابەتی کارەبادایە.
12. دوکەڵی کارگەی چیمەنتۆی سەرچنار کاریگەری خراپی کردووە تەسەر ژینگە گەشت و کوزارییەکەی ناوچەکە.
13. ماوەی چوار ساڵە دووکارگەی لەقتونانی مرەبا و دۆشاو هێنراونتە شاری سلێمانی بەڵام هێشتا دانەمەزرێنراون، پێش ئەوەی ئەو دوو کارگەیەش بخرێنەگەڕ پێویستە ناوچەیەکی کشتوکاڵی وەک سەرچاوەی پێدانی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ هەردوو کارگەکەش دەستنیشان بکرێت. .
14. پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لەنوێنەری شارەوانی و تەندروستی بۆ دەستنیشان کردنی ئەو شوێنانەی خاوەن کارگەکان مۆڵەتیان بۆ وەردەگرن تا بیانکەن بە کارگە.
بەڕێوەبەری پیشەسازی ئاماژەیدا بەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان کار ئاسانی تەواوی بۆ ئەو هاوڵاتیانە کردووە کە دەیانەوێت کارگەی نوێ لەشاری سلێمانیدابمەزرێنن ، بەڵام دوای ئەوەی بڕیار درا یاسای 25 ساڵی 1991 بگۆڕدرێت بەیاسای 21 ساڵی 1997، بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی سلێمانی هیچ نوسراوێکی رەسمی لەوبارەیەوە بەدەست نەگەیشت بۆیە هەر بەیاسا کۆنەکە کاردەکەین و ئەو سەرمایەیەش کەبەگوێرەی یاسا کۆنەکە تەرخان کراوە بۆ کارو پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پیشەسازی تەنها ( 50 ) هەزار دینارە، ئەمەش هیچ پرۆژەیەکی پێ جێبەجێ ناکرێت، هەرچەندە لەساڵی 2005 دا ئەو سەرمایەیەمان لەچەند پرۆژەیەکمدا تەرخانکرد.
بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی چەند مەرجێکی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە پیشەسازییەکان داناوە:
1. پرۆژەکان تازەبن و مۆدێلیان لە 2000 کەمتر نەبێت و توانای بەرهەمهێنانیان زۆربێت، ئەو پرۆژە پیشەسازییانە وەرناگیرێن کەمۆدێلیان کۆنبووە.
2. بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی تائێستا سلفەی پیشەسازی بە کەرتی تایبەت نەداوە، ئەرکی جێبەجێکردنی پرۆژەکانیشیان بەتەواوی لەئەستۆی خۆیانە، بۆیە کە بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی داوای هێنانی کارگەی تازە و گەورە دەکات، کۆمپانیاکان داوای سلفەی پیشەسازی دەکەن.
3. کارگە بچووکەکانی وەک تێکردنی بیبسی سەرکەوتوو نەبوون کەداوایانلێکراوە لەشووشە بنرێن.
4. نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگەکاندا ئەویش کە ئاگاداری کارو بڕیاری یەکدی نین ، ئەمەش وایکردووە نەتوانرێت Mass Production بۆ کارگەکان دەبنرێن.
5. پاشماوە و هەواو دوکەڵی کارگەکان لەسەر ناوچە نیشتەجێکان، بەتایبەتی ئەو کارگانەی لەناو گەڕەکء ناوچە قەرەباڵغەکاندا دروستکراون، فەرمانگەی پیشەسازی بۆ چارەسەرکردنی ئەو دیاردەیە کۆبوونەوەیەکی سازکردبوو، بەڵام دەرئەنجام دەرکەوت چارەسەری پیسبوونی ژینگە بەهۆی دوکەڵ و دوورخستنەوەی زیانی پاشماوەی کارگەکان بەهاوڵاتیان کارێکی گران وئاڵۆزە .
6. لەکاتی سەردانی لیژنەکانی بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازی بۆ یەکێک لەشوێنکارەکانی شتنی ئوتومبێل دەرکەوت خاوەنەکەی بەشێک لەو زەوییەی کەبۆ شتنەکە تەرخانکرابوو کردوویەتی بە سکرابخانە و بەشەکەی دیکەشی کردووەتە پێشانگای ئوتومبێل.
7. بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی شوێنی ئەو کارگانە دەستنیشان دەکات کە خاوەنەکانیان مۆڵەتی دامەزراندنی وەردەگرنء لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پیشەسازیەوە پەسەند کراون، بۆیە دەبێت شارەوانی پێش ئەوەی شوێنیان بۆ دەستنیشان بکات دیراسەیەکی تەواو بکات بۆ شوێنء جۆری کارگەو کاریگەریی لەسەر ناوچە نیشتەجێکانی دەوروبەری.
8. شارەوانی 500 م زەوی لەناوچەی تانجەرۆ بۆ کارگەیەکی دروستکردنی خانوی پلاستێکی تەرخانکردووە، کەخاوەنەکەی هاوڵاتییەکی بەرەگەز عەرەبەو ئامێرەکانی بۆ دامەزراندنی کارگەکە ئامادەکردووە.
9. 500 پارچە زەوی لەناوچەی پیشەسازی /2 بەسەر پیشەوەرەکاندا دابەشکراوە، بەڵام هاوڵاتیان بەهۆی نەبوونی جادەء کارەباء ئاوو پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان نەچوونەتە ناوچەکە.
10. لەساڵی 2005 وە، بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی پارچەیەک زەوی بۆ کۆمپانیای "محەمەد فازیل" دەستنیشان کردبوو بۆ ئەوەی کارگەیەکی تیادا دابمەزرێنێت، بەڵام شارەوانی ئەو زەوییەی لە کۆمپانیاکە سەندەوە چونکە کارگەی تیادا دروست نەکرد.
بەڕێزپارێزگار ئەم خاڵانەی روونکردەوە:
1. کۆبوونەوەى بەردەوامى لیژنەى کارگێری پارێزگاى سلێمانى کارو بەرنامەى لیژنەکەى پتەوتر کردووە و رۆژبەرۆژ ئەو کەموکورتییانە دەردەکەون کە دێنە رێى جێبەجێ کردنى پرۆژە خزمەتگوزاریەکان. گرنگیی کۆبوونەوەکانیش لەوەدایە کە هەماهەنگی دەکرێت بۆ چارەسەر کردنى ئەو کەموکورتییانە، بۆیە پێویستە کارى لیژنەکە کاراتر بکرێت.
2. یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانى فەرمانگە و دەزگا حکومییەکان دیاری کردنى نوێنەرى چالاک و لێهاتووە بۆ راپەراندنى کارەکان.
3. دەست نیشان کردنى ئاستى زانستیی کەرتى پیشەسازى پارێزگاى سلێمانى بۆئەوەى لەکاتى هێنانى پسپۆرى بیانیدا داتاى تەواو بۆ سەرجەم کارگەکان دروست بکرێنەوە و گۆرانکارى لە یاساى پێدان و دروست کردنى پیشەسازیدا بکەین چونکە ئەم سیستمە کۆنە و بەکارى پێشخستنى بوارى پیشەسازی نایەت.
4. پێکهێنانى لیژنەى تایبەت بۆ چارەسەر کردن و پێشخستنى بوارى پیشەسازى، چونکە کەرتى پیشەسازى لە هەموو روویەکەوە دوا کەوتووە، بۆیە پێویستە لیژنەى کارگێری گرنگیی تەواو بەو بوارە بدات و بانگهێشتى کەسانى پسپۆر و شارەزا بکرێن بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونیان.
5. پێویستیە بەزووترین کات خزمەتگوزاری بۆ ناوچەى پیشەسازى دابین بکەین و هاوکاریی خەڵکى پیشەوەرى پارێزگاکەمان بکەین و بودجەیان بۆ دابین بکەین بۆ پێشخستنى بوارى پیشەسازی.
6. دەبێت شوێنى پیشەوەران بەگوێرەى پیشەکانیان لەناوچەى پیشەسازى لەسەر بنەماى تایبەتمەندێتیی کار جیا بکرێتەوە.
7. چەند کۆبوونەوەیەک لەگەڵ سەندیکا جۆراوجۆرەکاندا ساز بکەین بۆ ئەوەى زیاتر برەو بە کار و پرۆژەى کەرتە جیاوازەکان بدەین.
8. لەبەر پێویستیمان بە پێشخستنى کشتوکاڵ ناتوانیین ناوچە کشتوکاڵیەکان بۆ مەبەستى پیشەسازی بەکار بهێنین، بۆیە پێویستە ناوچەى تر بۆ بوارى پیشەسازى دابین بکەین.
9. هاوکاریی بەرێوەبەرایەتى پیشەسازیی سلێمانى بکەین بۆ پێشخستنى کارەکانى، جارێکى دیکە دراسەى کارگەکان بکرێتەوەو باشترینیان هەڵبسەنگێنرێت هەروەک دروست کردنى بەردى مەرمەر باشترین پیشەسازیە و دەبێت بایەخى زیاترى پێ بدرێت و کارگەى پێشکەوتووى بۆ دابمەزرێنرێت.
10. دانانى بەرنامەیەک بۆ گەشەپێدانى ئابورى لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى بەچاودێریی هەموو لایەکمان بۆ پێشخستنى کەرتى پیشەسازى.
11. بریاربوو چەند سەرچاوەیەک بۆ بوارى پیشەسازى بەگەر بخەین، بەڵام لەبەر نەبوونى بنەما و یاسایەکى پەیرەو کراو، نەمانتوانى سوود لەو سەرچاوانە بینین. بۆیە دەبێت بە کارەکانمانادا بچینەوە بۆ بەکارهێنانى ئەو سەرچاوانە.
12. لەرێگاى وەبەرهێنان و چاکسازى لە رێنمایی و یاساکانى دەوڵەت لە بوارى پیشەسازیدا دەتوانین بوارى پیشەسازى کە بڕبڕەى پشتى کۆمەڵگایە پێش بخەین، نەک بەم ووردە پیشەسازییانەى کە ئێستا بەرهەمیان هەیە.
پێشنیارەکانى بەڕێز پارێزگار
1- چەند لیژنەیەکى پسپۆر پێکبهێنرێت بۆ سەردانى سەرجەم ناوچە پیشەسازییەکان بۆ چارەسەر کردنى کێشە و کەموکورتییەکانیان و چۆنێتى پێشخستنى بوارى پیشەسازى و دانانى داتا و میکانیزمى نوێ لەلایەن کەسانى پیسپۆر و شارەزاوە.
2- دروستکردنى ناوچەیەکى پیشەسازى لە نزیگ ناوچەى خەراجیان کە ناوچەیەکى بەردەڵان و نیمچە بەردەڵانە و پێشتر لە ساڵى 2005دا لەلایەن 12 فەرمانگەى بەرپرسەوە بریاری لێ درابوو و رووبەرى 2500 دۆنمى بۆ تەرخانکرابوو.
3- ئەرکى ئەو لیژنانەى لەلایەن کەسانى پسپۆر و شارەزاوە پێکهاتوون، دیراسە کردنى ناوچەى پیشەسازى و بوارە پیشەسازییەکانە نەک راپەراندنى مامەڵەى هاوڵاتییان لە بوارى پیشەسازیدا، ئەم دیراسە کردنەش راسپاردەى لیژنەى کارگێریە بۆ لیژنەى تایبەتمەندى پیشەسازى کە رێنمایی دەکات بە سەرمایە یان دەستى کار یان بازاری باش پێش بخرێت.
4- هێنانى پسپۆر و شارەزا لە بوارى پیشەسازى و کشتوکاڵ لە چەند وڵاتێکى وەک هۆڵەندا و تورکیاو خۆرهەڵاتى ناوەراست بۆ پارێزگاى سلێمانى لەپێناو پێشخستنى هەردوو کەرتى پیشەسازى و کشتوکاڵ.
5- داخستنى هەردوو کارگەى قیرى تاسڵوجە کە ژینکەى شاریان زۆر پیس کردوە، داوا لە دەسەڵاتى لیژنەى کارگێرى کرا پێشنیارى خۆیان بکەن بۆ دیاری کردنى سەقفێکى زەمەنى بۆ داخستنیان و لەو باریەوە ئەم بریارانە لەسەر هەردوو کارگەى قیرى تاسڵوجە درا:
هەردوو کارگەى قیرى تاسڵوجە تەنها دوو مانگى دیکە کار بکەن لە بەروارى 19/6/2007ەوە.
هەر لەو بەروارەدا دەست بکات بە لابرد ن پاککردنەوەى کارگەکە.
هەردوو کارگەکە بگوێزرێنەوە بۆ ناوچەیەکى دیکە.
زەویان پێ نادرێت بۆ دروست کردنەوەى کارگە، بەڵکو لەسەر بودجەى خۆیان زەوى دابین بکەن.
پێشنیارى نوێ پێشکەش بکەن بۆ پێدانى مۆڵەت بۆ دەست بەکاربوون لە کارگەیەکى نوێدا، چونکە ئەو کارگانە کۆن بوون و بەهۆى خراپیی کەرەستەکانیانەوە ژینگەیان پیس کردوە، تەئکیدیش کرایەوە کە بەرژەوەندیی تەندروستیی گشتیی هاوڵاتیان لەپێش هەندێک بەرژەوەندیی ترەوەیە.
رێگا نەدرێت ئەو کارگانە بە نەوتى رەش لە ماوەى دوو مانگى داهاتوودا کاربکەن کە دوا مۆڵەتیانە.
لەبەشى یاسایی پارێزگا بەڵین نامەیان لێ وەربگیرێت ئەگەر پابەندى ئەو خاڵانەى لاى سەرەوە نەبوون، رووبەرووى سزاى یاسایی ببنەوە.
لەکۆتایی کۆبوونەوەکەدا لیژنەى کارگێری بریاریدا کۆبوونەوەى ئاییندە بۆ تاوتوێ کردنى کێشە و رەوشى بەرێوەچوونى کارەکانى کەرتى گەشتوگوزار تەرخان بکرێت.